۱۳۹۱ تیر ۷, چهارشنبه

٢٥ ساڵەی کاڕەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە لایەن رێژیمی بەعسەوە


ئەمڕۆ ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ بەرمبەر بە ٢٧ی ژانوویەی ٢٠١٢، بیست و پێنج ساڵ بەسەر کیمیابارانی شاری سەردەشت دا تێپەر بوو. لەو رۆژەدا چەندین بۆمبی کیمیایی زامێكی لەیاد نەکراویان لە جەستە شارە سەر سەروزەکەی سەردشت دانا و  بە دەیان کەس شەهید بوون و سەدان کەسیش بوون بە شەهیدی زیندوو.
کۆماری ئیسلامی و ٧ی پووشپەر
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەم ئەو کات و هەمیش ئێستا کەمترین بایەخی بە بەرکەوتوانی ئەو کارەساتە دا و تەنیا وەک پرۆپاگەندە بە دژی ریژیمی شۆڤینیستی بەعس بەکاری هێنا. ئەوە دەبینین کە دوای ئەو هەموو ساڵە رێگری دەکرێ لە یادکردنەوەی بەشکۆی ئەو کارەساتە لە لایەن خەڵکی نیشتمان پەروەری شاری سەردەشت و لەمپەریان بۆ دێننە پێشێ و ئەگەر یاد کردنەوەیەکیش هەبێ ئەوا بە بەڵارێدابردنی باسی هۆکارەکانی کیمیاباران کرانی سەردەشت و پێڕاگەیشتن بە بەرکەوتوانی ئەو کارەساتە، لە لایەن نوێنەرەکانی بە باڵای کۆماری ئیسلامی دا هەڵدەدرێ و شاخ وباڵ بە خۆیانەوە دەنێن.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە وایان کرد کە شاری سەردەشت کیمیا باران بکرێت ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی لە کاتی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران ـ ئێراق دا شاری سەردەشتی کردبوو بە بەرەی شەڕ و شاری وەک ناوەندێکی نیزامی لێکرد بوو، کە رووخساری زۆرتر بە پادگان دەچوو نەک بە شار. بۆیە دەبێ  کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە تاوانبارانی ئەو کارەساتە بناسرێت، هەروەها بەدوای روودانی ئەم کارەساتەش کەمترین ئاوڕی لە زامدارانی ئەو کارەساتە دایەوە و کەمترین ئیمکاناتی چارەسەریشی بۆ دابین نەکردن، بۆیە تاکوو هەنووکەش زامدارانی ئەو کارەساتە بەشێکی زۆریان خەرجی نەخۆشخانە و داو دەرمانیان هەر لەسەر خۆیانە. هەرەها نەبوونی دوکتۆری تایبەت لە سەردەشت وای کردوە کە کەس و کاری زامداران بە هۆی خەرجی زۆر نەتوانن زامداران ببەنە شارەکانی دیکە بۆ چارەسەر کردن. و ئەوەش ئاماری قوربانیانی ئەو کارەساتە لە سەرەتاکاندا زۆر بردە سەری.
بنەماڵەی ئێمە و کارەساتی ٧ی پووشپەڕ
  هەرچەند چەند ساڵ پێش کیمیابارانی شاری سەردەشت لە دایک بووم و لەو رووداوە هیچم بیر نیە، بەڵام بنەماڵەی ئێمەش وەک زۆر بنەماڵەی دیکەی سەردەشت بێبەش نەبوون لەکاریگەریەکانی ئەو کیمیا باران کردنە. لەو رووژەدا خوشک و برایەکم لە ناو بازار دەبن کە شار کیمیاباران دەکرێ و خوشکێکم لەو کاتەوە وەک بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیایی بەدەم ئازارەوە دەناڵێنێت، ئەو لەگەڵ ئەوەی کە هۆگریەکی زۆری بۆ خوێندن هەبوو بەو هۆیەوە نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات، چوونکە گەران بە دوای چارەسەری و مانەوەی درێژماوە لە نەخۆشخانەکانی مەهاباد و ورمێ و ... لە خویندن زۆر دوایان خست. کە دواتر نەیتوانی بچیتەوە بۆ خوێندن ولە هەواڵەکانی بەجێ ما و تەنانەت نەیتوانی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی لە کوچەو کۆڵان یاریش بکات و ژیانی ئاسایی لەدەست چوو.من هەرگیز ئەو کاتانەم لە بیر ناچێتەوە کە خوشکم تا بەردەم مەرگ دەرۆیشت و دەگەرایەوەکە، و هیچ کارێکمان لەدەست نەدەهات و بۆی دەگریاین و هاواری دەروجیرانانمان دەکرد، و باوکم بە خێرایی دەیگەیاندە نەخۆشخانەلەوێ چارەسەری کاتی بۆ دەکرا، هەموو خەرجیەکانی مانەوەی درێژماوە لە نەخۆشخانە و داو دەرمانی لە ئەستۆی باوکم بوو کە باوکیشم سەڕەرای ئەوەی کە کاسبکارێکی ئاسایی بوو بەڵام، وێڕای بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی باوکایەتی بە نیسبەت باقی جگەرگۆشەکانی هەموو هەوڵی خۆی بە کار دێنا و هەرشوێنێک لە ئێران و تەنانەت لە ئێراقیش کە دوکتۆرێکی باشی لێبایە و پێیان بناسیبایە خۆشکمی دەگەیاندە ئەوێ تاکوو بەشکم کچە خۆشەویستەکەی لەدەست ئەو ئازارانە خەلاسی بێت، شایانی باسە خوشکم لەو هاوکاریە کەمەی حکومەتیش کە بۆ ئەو مەبەستە بۆ بەرکەوتوانی دابین دەکرد بێبەش بوو، هەرچەند دەبێ بڵێم کە زۆری دیکەش وەک خۆشکم لەو هاوکاریانە بێبەش بوون.
خۆشکم هەنووکە دوو منداڵێ هەیە و لە گەڵ ئەو ژیان و مەرگە ڕاهاتووە و بگرە تا ڕادەیەکیش ژیانی بەسەر مەرگدا زاڵ کردوەو لە چالاکی رۆژانەی نەوەستاوە و نەیهێشتووە کە ئەو نەخۆشیەی کە بە هۆی کیمیایی تووشی بووە بە چۆکی دابێنێ.
لە کۆتاییدا لە یادی بیست و پێنج ساڵەی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەدا، سەری رێز و ئەمکناسی بۆ شەهیدانی کارەساتی ٧ی پووشپەڕ دادەنەوێنم و هیوادارم کە زامدارانیش هەرچی زووتر باش ببنەوەو مرۆڤ بەگشتی لە هیچ شوێنێکی ئەم گۆی زەویەدا توووبەرووی کارەساتێکی وەها نەبێتەوە. 


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر