۱۳۹۲ مهر ۲۸, یکشنبه

بیردۆزی گرێبەستی کۆمەڵایەتی

بیردۆزی گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە بۆ سەدە نوێیەکان ئەوەڵێن جار هۆگۆگرۆسیوسی هۆلەندی هێنایە بەر باس و دواتر زۆرێک لە فەیلەسوفان و زانایانی یاسای سەدەی ١٧ و ١٨ پشتیوانیان لەو بیردۆزە کرد و وردەکاریەکانیان شی کردنەوە.
لایەنگرانی بیردۆزی گڕێبەستی کۆمەڵایەتی باوەڕیان وایە کە تاکەکانی مرۆڤ سەرەتا بە تەنیا دەژیان و لەناو کۆمەڵدا نەدەژیان لەو کاتەدا هەموو کەس ئازادی تەواوی هەبوو و ملکەچی هیچ هێزیكی مرۆیی نەبوو لەوەها دۆخێک دا ناچار بوو لەگەڵ هێزەکانی سرووش بەربەرەکانی بکات، بە ژیانی سرووشتی نەیدەتوانی بەسەر هێزەکانی سروشت دا زاڵ بێت لەبەر ئەوە مرۆڤەکان کۆبوونەوەو گرێبەستێکیان بەست و دەوڵەتیان پێک هێنا. لایەنگرانی گڕێبەستی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە بەستنی گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەبنە دوو لایەن.

"پوفنورف" لە لایەنگرانی لایەنێکە کە باس لە دوو گرێبەست دەکەن یەکیان گرێبەستی یەکگرتن کە بە پێی ئەو گرێبەستە کۆبوونەوە و کۆمەڵگایان پێک هێنا و دووهەم گڕیبەستی ملکەچی کە بە پێێ ئەو گرێبەستەش کەسێکیان بە میراتی پاشایەتی هەڵبژارد و و چوونە ژێر دەسەڵات و فەرمانی ئەو پاشایەوە.
لایەنیی دووهەم کە ژان ژاک رۆسۆ نوسەری کتێبی ''گرێبەستی کۆمەڵایەتی" نموونەی هەرە بەرچاویانە بە روونی لە کتێبەکەیدا ئەم بیردۆزەی شی کردۆتەوە و باوەڕی وایە کە مرۆڤ لە بنەڕەتدا لە دۆخی سرووشتی دا ژیانی کردووە و خاوەنی ئازادی تەواو و بێ سنوور بوو و هەڵبەت لەم دۆخە سرووشتیەدا لەگەڵ دۆخی ئاژەڵی بەتەواوەتی جیاوازی هەبووە لەبەر ئەوەی کە مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی بیرمەند ئافریندراوە و بەردەوام بەدوای چارەسەر کردنی کێشەکانەوە بووە. تاکەکانی مرۆڤ لە دۆخی سرووشتی دا مەترسی زۆریان لەسەر بووە و نەیانتوانیەوە کە بە تەنیایی بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ بن و کەوابوو بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ هێزی زاڵی سرووشت هاندران بەرەو هاریکاری و هەوڵی هاوبەش و کۆکردنەوە هێز لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکە و بە پێی ئەم ڕێگایە گەیشتنە واژۆ کردنی گڕیبەستی کۆمەڵایەتی و پێک هێنانی دەوڵەت. رۆسۆ دەڵیت: ''کەسانێک کە بە ویست و ڕەزامەندی خۆیان دەوڵەت پێک دێنن ناچنە ژێر فەرمان و دەسەڵاتی هیچ کەس لەبەر ئەوەی کە لە بەرامبەر ئەو مافەی کە دەیدەن بە دەوڵەت لە دەسەڵاتداریەتی نەتەوەیی دا شەریک و بەشدارن.
لە بیردۆزی کۆمەڵایەتی ڕۆسۆ بە ئاکامێک دەگەین کە یەکەم لە دەوڵەتێک دا کە بە پێێ بیردۆزی گڕیبەستی کۆمەڵایەتی پێک دێت تاکەکان لەسەریانە و ناچارن ملکەچی ویستی گشتی بن کە یاسا نوێنەریەتی. مەبەست لە ویستی گشتی، ویستی تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگا نیە بەڵکوو ویستی زۆرینەیە. دووهەم لە دەوڵەتێک دا کە لە سەر بنەمای گڕێبەستی کۆمەڵایەتی پێک دێت تاکەکان لە رووی ماف و ئەرکەوە یەکسانن و جیاوازیەکیان لە نێواندا نیە.
سێهەم ئامانج لە پێک هێنانی دەوڵەت لە سەر بنەمای گڕێبەستی کۆمەڵایەتی دابین کردنی بەختەوەری و خۆشی تاکەکانە و بەرپرسانی کارووبارەکان لەسەریانە بۆ هێنانە دی ئەم مەبەستە هەوڵ بدەن. چوارەم گەڵ دەسەڵاتدارێکی دادپەروەرە و ئەگەری دەست درێژی و زوڵم لە کردەوەکانیدا بەدی ناکرێت، کەواتە لەوانەیە هێزی دەوڵەت بێ سنوور بێت. پێنجەم بەرژەوەندیەکانی گەل لەگەڵ بەرژەوەندی و قازانجەکانی تاکەکان هاوتەریبە و خەڵک رێگەیان پێ نادرێ کە کارو کردەوەکانی دەوڵەت بە دەست درێژی و زوڵم لێک بدەنەوە و بۆ بەرگری کردن و پاراستنی مافەکانی خۆیان لە دژی دەوڵەت ڕاپەڕن و شۆڕش بکەن. شەشەم دەسەڵاتی نەتەوەیی ـ میللی ناگوازرێتەوە و بە تێپەربوونی کاتیش تەواو نابێت. گەلی دەسەڵاتدار ناتوانێت دەسەڵاتداریەتی بسپێرێ بە تاکێک یان چینێک. رۆسۆ حکومەتی بە واستە واتە لە ڕێگای پارڵمانەکانی یاسادانان رەد دەکاتەوە و پێشنیار دەکات کە پانتایی خاکی هەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەبێ بەتەواوی سنوور دار بیت، تاکوو تەواوی تاکەکان بتوانن بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتداریەتی و دانانی یاسا لە پارڵمانی نەتەوەیی دا بەشدار بن و لە کۆتایی دا ڕۆسۆ دەڵێت کە لە شوێنێک دا کە هەموو خەڵک ناتوانن کۆ ببنەوە ئەوا دەکرێ یاساکان لە لایەن نوێنەرەکانی گەڵ دابندرێن، بەڵام پێداگری دەکاتەوە کە بەر لە جێبەجێ کردنیان دەبێ لە ڕێگای ریفراندۆم لە لایەن هەموو خەڵکی وڵاتەوە پەسەند بکرێت.
ڕۆسۆ دەڵێ دەسەڵاتی یاسادانان مافی دەسەڵاتداریەتی هەیە و ئەگەری پێ ئەسپاردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری بە یەک یان چەن کەس پەسەند دەکات چوونکە دەسەڵاتی بەڕێوەبەەری بە بەشێک لە دەسەڵاتداریەتی نەتەوەی نازانێ و کەواتە سەرۆک کۆمار یان شا دەبێتە کەسی یەکەمی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری بەرپرسی جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی گەلی دەسەڵاتدارە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەست لە کاروباری دەسەڵاتی یاسادانان وەربدات. ڕۆسۆ دەڵێت نەتەوەی دەسەڵاتدار هەر کات بیهەوێ هێزی بەڕێوەبەری لە پاشا یان سەرۆک کۆمار وەربگرێتەوە و بە یەکی دیکەی بسپێرێت. لەم خاڵەدا ڕوانگەکانی گرۆسیۆس و هابز لەگەڵ ڕوانگەکانی رۆسۆ نایەنەوە، چوونکە ئەوان باوەڕیان وایە کە خەڵک دەتوانێ دەسەڵات بگوازێتەوە بۆ پاشایەتیەکی ڕەها و بێ سنوور و ملکەچی بن و بچنە ژێر دەسەڵاتی ئەو پاشایە لە کاتێک دا ڕۆسۆ گواستنەوەی دەسەڵاتداریەتی بۆ پاشای بێ سنوور بە نارەواو بێ متمانە دەزانێت.
بیردۆزی گریبەستی کۆمەڵایەتی لەوانەیە لە بابەت گەڵیکی دەگمەن دا راست بێت، بەڵام گشتگیر نیە دەتوانین یەک دوو نموونە بخەینە ڕوو کە بۆ پێک هاتنی دەوڵەت تاکەکان گریبەشتیان بەستووە. بۆ نموونە نیشتمانی نیوئینگلند (شەش ویلایەتی هەڵکەوتوو لە باکووری رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) کاتێک دەوڵەتیان پێک هێنا کە کۆمەڵێک کەسی خەڵکی ئینگلیز بە پاپۆڕی سوسەن کۆچیان کرد و گرێبەستیان لەگەڵ یەک بەست کە کاتێک گەیشتنە لێواری خاکی ئەمریکا دەوڵەتێک بەناوی ئینگلیزی نوێ دامەزرێنن و ئەو کارەشیان کرد. نموونەیەکی دیکە کە گێردراوەتەوە پەیوەندی بە دەوڵەتێکەوە هەیە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لە مەنچوریا(Manchuria) پێک هات بەم شیکردنەوەیە کە کۆمەڵیک لە دوورخراوان بۆ سیبێری زانیان کە لە مەنچووریا کانی زێر هەیە ئەوان بەرەو مەنچووریا وەڕێ کەوتن و لەوێ ماوەیەک بە بێ رێکخستن ژیانیان کرد لە کۆتایی دا بە حوکمی پێویستی و بە ناچار دەوڵەتێکی کۆماری بە ناوی ''ژۆلتۆگینۆ''یان دامەزراند و چوونە ژێر فەرمانی ئەو حکومەتە، بەڵام لە دوای ماوەیەک هێزە چەکدارەکانی چین ناوچەکانیی کانە زێرەکانیان داگیر کرد  و ئەو دەوڵەتەی کە لە ئەنجامی گرێبەست پێک هاتبوو بڵاوە پێ کردو هەڵوەشاندەوە و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە کەم دەوامەیان گرتن.
بیردۆزی گڕێبەستی کۆمەڵایەتی گەرچی لە سەردەمێک دا بەتایبەت لە سەدەی ١٨ دا بوو بە هۆی بەرەپێش چوون و گەشەسەندنی سیاسی هەندێک لە وڵاتان تاکوو شوێنێک کە شۆڕشی گەورەی فەرانسا تا ڕادەیەکی زۆر قەرزداری بیردۆزانی گڕیبەستی کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام لەو رووەوە کە لە گەڵ ژیانی راستەقینە دا ناگونجێت بەتوندی کەوتە بەر رخنە بە شێوەیەک کە لە ناو زانایانی یاسای ئیسلامی و زانستی کۆمەڵی هاوچەرخ لایەنگری نیە. دژبەرانی ئەم بیردۆزە دەڵین بە پێی بەڵگەنامەکان و شایەدە مێژوویەکان و بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە قەومە سەرەتاییەکانی ئۆستراڵیا و ئەمریکا و ئەفریقا کۆ کراوەتەوە. دەردەکەوێ کە تاکەکانی مرۆڤ لە هیچ سەردەمێک لە سەردەمەکانی مێژوودا بەشێوەی تەواو سرووشتی ژیانیان نەکردووە کە دوایی بۆ دەرباز بوون لەو ژیانە گرێبەستێکیان رێک خستبێت لەگەڵ ئەوەش دا بەستنی گرێبەست و پێک هێنانی دەوڵەت پێویستی بە پێشکەوتن و گەشەسەندنی دەروونی تاکەکانە. چۆن دەگونجێت خەڵکێک لە دۆخی ژیانی سەرەتایی سرووشتی دان تێگەیشتنی ئەوەیان هەبێت کە دەوڵەت پێک بێنن و بچنە ژێر دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتەوە. لایەنگرانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی وێنا و ئارەزوەکانیان، سەبارەت بە دەرچوونی ژیانی مرۆڤ لە سرووشت دا بەرەو ژیانی کۆمەڵایەتی بە پێکهێنانی دەوڵەت، بە ڕاستی داناوە و لەسەر ئەم بنەمایە گەیشتوونەتە ئاکامێک کە  بۆ کەڵک لێوەرگیران نابێت.

ن. سید جلال الدین حسینی
و. چیا

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر