۱۳۹۳ دی ۸, دوشنبه

پێکهینانی دەوڵەت لە یاسای نێودەوڵەتیداپێکهینانی دەوڵەت لە یاسای نێودەوڵەتیدا

چۆنیەتی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستان.
ئاوارە حسێن*
تەواوی وتارەکە، کە (٥٣٣٤) وشەیە. بە یەک بەش لە ماڵپەڕی کوردۆساید و بە نۆ بەش لە ماڵپەڕی جینۆساید کورد و حەوت بەشیشی لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاو کراوەتەوە، دوو بەشەکەی کۆتای لەبەر ئەوەی ئازاری زۆربەی ئەوانەی دەدا کە ڕێگرن لە ڕیگای دروست بونی دەوڵەتی کوردی و سزادانی تاوانکارانی جینۆساید بڵاو نەکرایەوە.

ماوەیەکە باسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بووە بە هەواڵی یەکەم و مانشێتی میدیای کوردستانی و جیهانی. بە پێویستی دەزانم لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیەوە چۆنیەتی پێکهێنانی دەوڵەت و گرنگیەکەی ڕونبکەینەوە و پاشتریش لە چۆنیەتی بەدەستهێنانی سەربەخۆی کوردستان و دەوڵەتی کوردییەوە دەدوێین. 
دەوڵەت بابەتێکی سەرەتایی یاسای نێودەوڵەتیە، دەوڵەتی سەربەخۆ و دانپێدانراو تەواوی ئەرک و مافەکان بەدەست دەهێنێت لە یاسای نێودەوڵەتیدا، گەرچی پێناسەکردنی دەوڵەت ئاسان نیە بەهۆی ئەو مانا جیاوازانەی کە یاسای دەستوری دەیبەخشێت. سەرەڕای ئەوەش تا ئێستا زیاتر لە (١٤٥) پێناسە بۆ دەوڵەت کراوە هەمویان جەخت لە سەر ئەوە دەکەن و یەکدەگرن کە بنەماو پایەکانی دەوڵەت بریتین لە (دانیشتوان- هەرێم- حکومەت). و دەڵێن دەوڵەت: بریتیە لە کۆمەڵە خەڵكێک کە لە هەرێمێکی دیاریکراودا نیشتەجێن و لە لایەن حکومەتێکەوە کاروبارەکانیان بەڕێوە دەبرێت. 
بە گوێرەی (هانس کێڵسن) بیرمەندی یاسای نێودەوڵەتی هەر کیانێک بۆ ئەوەی دانیپێدابنرێت وەک کەسێک لە کەسەکانی یاسای نێودەوڵەتی، پێویستە چوار مەرجی تێدابێت یان جێبەجێبکات، ئەوانیش:
١/ دەبێت ئەو کیانە لە ڕوی سیاسیەوە ڕێکخرابێت.
٢/ پێویستە دەسەڵاتی هەبێت بەسەر هەرێمەکەیدا. 
٣/ دەسەڵاتی بەسەر هەرێمەکەیدا تەنها کاتی نەبێت و ببێت بە هەمیشەی.
٤/ دەبێت ئەو کیانە سەربەخۆ بێت.
بەڵام مەرجەکانی بە دەوڵەت بون یاخود پایەکانی دەوڵەت بە پێی ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆ جیاوازە. ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان لەسەردەمی نوێدا و بە پێی ماددەی (٣٨) بڕگەی (١) ی دادگای دادی نێودەوڵەتی بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێن. ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆ (ڕێککەوتننامەی ماف و ئەرکەکانی دەوڵەتان) لە ٢٦-١٢-١٩٣٣ لە شاری مۆنتیڤیدیۆی ئۆرۆگوای دەرچووە و لە ٢٦-١٢-١٩٣٤ وە کاریپێدەکرێت و لە ٨-١-١٩٣٦ لە پەیمانی کۆمەڵەی نەتەوەکاندا تۆمارکراوە. یەکێکە لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان کە ناکرێت باس لە دەوڵەت، ڕاگەیاندنی، ماف و ئەرکەکانی بکرێت و ئاماژە و هێما بۆ ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆ نەکرێت. 
ئەم ڕێککەوتننامەیە لە (١٦) ماددە پێک هاتووە و بە پێی ماددەی (١) ی ڕێککەوتننامەکە پایەکان یاخود مەرجەکانی دەوڵەت بریتین لە: (١/ دانیشتوانێکی هەمیشەی. ٢/ هەرێمێکی دیاریکراو. ٣/ حکومەت. ٤/ توانای بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی تردا). 
١/ دانیشتوان: مەبەست لە چەمکی دانیشتوان گەلە، ئەو تاکانەن کە پێکەوە دەژین و سەر بە ڕەنگ و ڕێباز و کەلتورە جیاوازەکانن. شتێکی سروشتیە کە دانیشتوانێک هەبن بە شێوەیەکی هەمیشەی و جێگیر لە هەرێمەکەدا بژین ملکەچی حکومەتێک بن. هەرچی چەمکی دانیشتوانی هەمیشەییە کە لەماددەی (١) ی ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆدا هاتووە. ڕونی نەکردووەتەوە کە مەبەست چیە لە دانیشتوانی هەمیشەی، بەڵام بیرمەندانی یاسای نێودەوڵەتی وای بۆ دەچن و شرۆڤەی دەکەن کە دانیشتوانی هەمیشەی مەبەست لەو تاکانە نین کە کۆچ دەکەن و دەچنە سنوری وڵاتانی ترەوە بەڵکو ئەوان پێیان وایە کە دانیشتوانی هەمیشەی ئەو تاکانەن کە پەیوەستن بە خاکەکەی خۆیانەوە. بەڵام سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوان بۆ هەبونی دەوڵەت لە یاسای نێودەوڵەتیدا ژمارەکە دیارینەکراوە گرنگ نیە زۆر بێت یان کەم گرنگ ئەوەیە بتوانن پێکەوە بژین و کاروبارەکانیان بەڕێوە ببەن. لە ئێستای جیهاندا نزیکەی دە دەوڵەت هەن کە ژمارەی دانیشتوانیان ناگاتە سەد هەزار کەس، (جێم کراوفۆرد) لە پەرتوکەکەیدا (پێکهێنانی دەوڵەتان لە یاسای نێودەوڵەتیدا) نمونەی ئەو دەوڵەتانە دەهێنێتەوە کە بە ژمارە کەمن و دەوڵەتن وەک ڤاتیکان ژمارەی دانیشتوانی ٧٦٨ کەس، ناورو ١١٢١٨ کەس، مۆناکۆ ٣٣٠٨٤ کەس، ئاندۆرا ٦٨ ٥٨٤ کەس. لە ناو ئەو دەوڵەتە بچوک و دانیشتوان کەمەدا ڤاتیاکان نەک هەر بچوکترین دەوڵەتی جیهانە بەڵکو یەکێکیشە لە چوار کەسایەتیەکەی یاسای نێودەوڵەتی. 
دەکرێ لە ڕوانگەی یاساییەوە دانیشتوان بکرێت بە دوو بەشی سەرەکیەوە. ئەوانیش: (هاوڵاتیان و بیانیەکان). 
هاووڵاتیان: ئەو تاکانەن کە زۆرینەی دانیشتوانی دەوڵەت پێک دەهێنن. پەیوەندی یاسایی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتیان ڕەگەزنامەیە و لە ڕێگای پەیوەندی ڕەگەزنامەوە بەستراونەتەوە بە دەوڵەتەکەیانەوە، کە ماف و ئەرکەکانیان لە بەرامبەر یەکتریدا دیاریدەکرێت.
بیانیەکان: ئەو تاکانەن کە بەشێوەیەکی کاتی لە دەوڵەتەکەدا نیشتەجێن. پەیوەندی یاسایی نێوان دەوڵەت و بیانییەکان مافی نیشتەجێبون هاوتوچۆیە و ئەمانیش هەندێ ماف و ئەرک بەدەستدەهێنن کەمتر لە مافی هاووڵاتیان. بۆیە لە هەمو دەوڵەتێکدا تەنها هاووڵاتیان بۆیان هەیە دەسەڵاتی گشتی بگرنە دەست و بەشدار بن لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و سەرۆکی دەوڵەتدا. 
مەبەست لەو دانیشتوانەی کە پایەیەک لە پایەکانی دەوڵەت پێک دەهینێت هاوڵاتیانە نەک بیانیەکان. هاووڵاتیەکانیش خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی هاوبەشن وەک نەتەوە و مێژووی هاوبەش، زمان و کەلتوری هاوبەش، ئاینی هاوبەش، ڕەگەز و نەژادی هاوبەش. سەرەڕای ئەوەش یاسای نێودەوڵەتی ڕێگری نەکردووە کە دانیشتوانی دەوڵەت لە نەتەوە، ئاین، نەژادو ڕەگەزی جیاواز پێک هاتبێت. گرنگ ئەوەیە کە بتوانن بە شێوەیەکی ئاشتیانە پێکەوە بژین.
٢/ هەرێم: دووەمین پایەی پێکهێنانی دەوڵەتە. هەرێمی دەوڵەت بریتییە لە خاک و ئاو ئاسمانەکەی. کە حکومەتێک دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەکی هەمیشەی و بەردەوام بەسەریانداو بەسەر دانیشتوانەکەیدا جێبەجیدەکات. 
هەرێمی خاک یاخود وشکانی: هەمو زەمینە وشکانیەکان و چیاکان دەگرێتەوە.
هەرێمی ئاوی: بریتیە لە هەمو ئاوەکان لە سنوری هەرێمی دەوڵەتەکەدا لە دەریاچەکان و ڕوبارە نیشتیمانیەکان ئەوانەی لە سنوری دەوڵەتەکەوە هەڵدەقوڵێن و لە سنوری دەوڵەتەوە کۆتاییان پێدێت. هەروەها دەریا یاخود زەریای هەرێمی لە دەوڵەتە کەناریەکان واتە ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر کەناری دەریاو زەریاکان ئەویش بە پێی ماددەی (٣) ی ڕێککەوتننامەی یاسای دەریاکانی ساڵی ١٩٨٢ کە ئەو بەشەی دەریا یاخود زەریایە کە لە کەنارەکانی دەوڵەتەوە دەستپێدەکات تاوەکو دوانزە میلی دەریای واتە پانی ئەم هەرێمە دوانزە میلەو لە یاسای نێودەوڵەتیدا جێگیر کراوە. بیرمەندی هیندی یاسای نێودەوڵەتی (د. ئێچ. ئۆ. ئاگارواڵ) لە چاپی حەڤدەیەمی پەرتوکە بە ناوبانگەکەیدا (یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ) باس لە هەرێمە دەریایەکان دەکات و پشت بەست بە ماددەی (٣)ی ڕێککەوتننامەی یاسای دەریاکانی ساڵی ١٩٨٢ دەنوسێت هەمو دەوڵەتان مافی دیاریکردنی سنوری پانی دەریاکانیان هەیە تاوەکو دوانزە میل و نزیکەی نەوەد دەوڵەت لە ناویشیاندا هیندستان پانی هەرێمی دەریاییان دامەزراندووە کە لە دوانزە میل زیاتر نیە.
هەرێمی ئاسمانی: چینە ئاسمانیەکان دەگرێتەوە کە بەسەر هەرێمی وشکانی و ئاوی دەوڵەتەوەن، ئەم هەرێمەش بەرزییەکەی تاوەکو کۆتای ئۆزۆن و دەستپێکردنی بۆشای ئاسمانە. 
دەوڵەت پێویستە هەرێمیكی هەبێت و دەسەڵاتی بەسەرەوە هەبێت. مەرج نیە هەرێمەکە بەیەکەوە لکاو بێت، چەندین دەڵەت هەن دەکەونە سەردورگەگەلێکی جیا جیا وەک فیلیپین، ئەندەنوسیا، ژاپۆن و نیوزلەندا. لە یاسای نێودەوڵەتیدا هیچ پێوەرێک نیە بۆ دیاریکردنی ڕوبەری هەرێمی دەوڵەت واتە گرنگ نیە ڕوبەری ئەو هەرێمە گەورە بێت یان بچوک، گرنگ ئەوەیە ئەو هەرێمە بونی هەبێت و ئەو دانیشتوانەی کە دەوڵەتەکەی لێڕادەگەیەنن دەسەڵاتیان بەسەریدا هەبێت و تیایدا بژین. چونکە گەر هاتو ئەو دانیشتوانەی کە دەوڵەتەکە ڕادەگەینن دەسەڵاتیان بەسەر هەرێمەکدا نەبێت یاخود بە فیزیکی لە ناویدا نەژین و بە مانایەکی تر هەرێمیان نەبێت ئەوا ناتوانن دەوڵەت پێکبهێنن یاسا ناسی نێودەوڵەتی (د.تالیب ڕەشید یادگار) لە چاپی دووەمی پەرتوکەکەیدا (بنەما گشتیەکانی یاسای نێودەوڵەتی) نمونەی دەوڵەتی فەلەستین دهێنێتەوە کە لە ساڵی ١٩٨٨ فەلەستین لە جەزائیر دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ڕاگەیاند بەڵام دانیپێدا نەنرا چونکە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین دەسەڵاتی نەبو بەسەر هیچ بەشێک لەو بەشانەی کە بە خاکی فەلەستین دایدەنا.
هەرچی چەمکی هەرێمی دیاریکراوە کە لە ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆدا هاتووە، گەر جیاوازییەکیش هەبێت لە نێوان دەوڵەت و دراوسێکەی سەبارەت بە دیاریکردنی سنورەکەی دەکرێ دان بە دەوڵەتەکەدا بنرێ، گەر دەسەڵاتیێک هەبێت سەروەریی خۆی بەسەر هەرێم و دانیشتوانەکەیدا جێبەجێبکات. بۆ نمونە دەوڵەتی ئەلبانیا پێش جەنگی یەکەمی جیهانی لە لایەن چەندین دەوڵەتەوە دانی پێدانرا هەرچەندە کێشەی دیاریکردنی سنوری هەبوو لەگەڵ دراوسێکانیدا. ئەمە وای نەکرد کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەو دەوڵەتانەی کە دانیان پێدانابو گومان بکەن لە پایەکانی دەوڵەت کە لە ئەلبانیادا هەبووە. 
لە ئێستادا چەندین دەوڵەت هەن و بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ماف و ئەرکەکانیان دیاریکراوە و ئەندامن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کەچی سنورو هەرێمی دەوڵەتەکەشیان دیاریکراو نیە یاخود کێشەیان هەیە لە سەر هەرێمی وڵاتەکەیان لەگەڵ دراوسێکانیاندا وەک دەوڵەتانی چین و هیندستان کە زیاد لە نیو سەدەیە کێشەیان هەیە لەسەر بەشێک لەو هەرێمەی کە چین داگیری کردووە، یاخود هەرێمی کشمیر لە نێوان هیندستان و پاکستاندا کە ناکۆکی سیاسی و زۆر کات شەڕی گەرمی لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا لێکەوتووەتەوە لەسەر پاراستن و بەدەستهێنانەوەی ئەو هەرێمە بۆ سەر سنوری وڵاتەکانیان. بەمەش دەکرێت هەریمی دیاریکراو کە لە ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆ دا هاتووە بۆ هەبونی دەوڵەت تەنها تیۆر بێت ئەگینا لە پراکتیکدا چەندین دەوڵەتمان هەیە کە هەرێمەکەی دیارینەکراوە.
٣/ حکومەت: سێیەمین پایەی پێکهێنانی دەوڵەتە. پێویستە حکومەتێک هەبێت فەرمانڕەوای دانیشتوان و هەرێم بکات. لە یاسای نێودەوڵەتیدا بە مەرجی دانەناوە کە سیستەمە سیاسیەکەی چۆن بێت. پەڕلەمانی، ئەنجومەنی، سەرۆکایەتی یان تێکەڵاو بێت. بەڵام ئەوە یەکلای بووەتەوە کە دەوڵەت بەبێ حکومەت پێکناهێنرێت. هەرچی دەربارەی حکومەتی سەقامگیر و بەهێزە لە یاسای نێودەوڵەتی کلاسیکدا پایەیەکی بنچینەی دەوڵەتە. بەڵام لە یاسای نێودەوڵەتی هاوچەرخدا لە هەندێ کەیسی دیاریکراودا بەگرنگی دانەناوە کە حکومەتەکە بەهێزو سەقامگیر بێت. بیرمەندی یاسای نێودەوڵەتی (براونلی) لە چاپی شەشەمی پەرتوکەکەیدا (پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی گشتی) ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە حکومەتی سەقامگیر و بەهێز دژی پرەنسیپی مافی چارەی خۆنوسینە لەبەر ئەوە حکومەتی ناسەقامگیر لە هەندێ کەیسی دیاریکراودا نابێتە ئاستەنگ و ڕێگری وەک پایەیەک لە پایەکانی دەوڵەت.
٤/ توانای بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی تردا: ئەمەش چوارەمین پایەی پێکهێنانی دەوڵەتە. دەبێت ئەو حکومەتەی کە سەروەری بەسەر هەرێم و دانیشتوانەکەیدا هەیە توانای بەستنی پەیوەندی هەبێت لەگەڵ دەوڵەتانی تردا. گەرچی ئەمە زۆرکات بووەتە جێگای ڕەخنەی یاسا ناسانی نێودەوڵەتی بەوەی کە هەندێک لە هەرێم و کانتۆنە فیدراڵیەکان لە لایەن حکومەتە ناوەندیەکانیانەوە ڕێگایان پێنادرێت بە بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی تردا، یاخود بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی تر لە دەستوری هەندێ لە وڵاتاندا لە تایبەتمەندی حکومەتی ناوەندیدایە و ئەو مافە بە حکومەتی هەرێم و کانتۆنە فیدراڵیەکان نەدراوە.
ئەم چوار پایە کە لە ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدۆ دا هاتووە بۆ کیانە سیاسیەکان بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنن و وەربگیرێن وەک کەسێک لە کەسەکانی یاسای نێودەوڵەتی، گەرچی ئەمە لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی و تیۆرییەوە بابەتێکی تەواو یاساییە بەڵام لە پراکتیکدا سیاسیەو پەیوەندی و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکان مامەڵەی پێوەدەکەن. بۆیە دەتوانین بڵێین سروشتی پایەکانی دەوڵەت لە نێوان ڕەوش و دۆخی یاساو سیاسەتدا جۆلانی دەکات. 
لە ژێر ئەو ڕوناکیە یاساییانەی سەرەوەدا نەتەوەی کورد لە باشوری کورستان خاوەنی هەر چوار پایەکەی دەوڵەتە دانیشتوان، هەرێم، حکومەت و توانای بەستنی پەیوەندی هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی تردا. 
دانیشتوانێکی هەیە کە دەتوانێت پێکەوە بژین و کاروبارەکانیان ڕێکبخەن، خاوەنی هەرێمێکە، گەرچی هەرێمەکە سنورەکەی دیاریکراویش نەبێت ئەوا نابێتە کێشەیەکی یاسای وکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانن گومان لە نەبونی پایەیەک لە پایەکانی دەوڵەتی کوردی بکەن. چونکە وەک ئاماژەمان بۆ کردووە چەندین دەوڵەت هەبوون کە دانیان پێدانراوەو سنورەکەشیان دیاریکراو نەبووە لەگەڵ دراوسێکانیانداو چەندین دەوڵەتی تریش هەن تا هەنوکە کێشەی سنوریان هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێیانداو کەچی نەک هەر دانیان پێدا نراوە وەک دەوڵەت لە هەمانکاتیشدا ئەندامن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. باشوری کوردستان خاوەنی حکومەتێکە کە بۆ ماوەی بیست و دوو ساڵە فەرمانڕەوای دەکات و سیستەمە سیاسیەکەشی پەڕلەمانی کۆماری دیموکراسیە. سەرەڕای ئەوانەش پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابوری لەگەڵ ژمارەیەک دەوڵەت بەستووە و جیاواز لە زۆربەی هەرێم و کانتۆنە فیدراڵیەکانی تری جیهان گەر سەرۆکی دەوڵەتێک سەردانی بەغداد پایتەختی عێراق بکات سەردانی هەولێر پایتەختی باشوری کوردستانییش دەکات. یاخود کاتێک سەرۆکی هەرێمەکەی بەسەردان دەچێتە دەوڵەتانی تر سەرۆکی دەوڵەتەکە پێشوازی لێدەکات نەک هاوتاکەی خۆی. واتە ئەمڕۆ باشوری کوردستان لە چاوی زۆربەی دەوڵەتانەوە وەک نیمچە دەوڵەتێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و وەک دەوڵەتێکی دیفاکتۆ سەیر دەکرێت. 
لە یاسای نێودەوڵەتیدا بۆ ئەوەی دەوڵەتێک وەربگیرێت بە ئەندام لە خێزانی نەتەوەکان دەبێت دانیپێدابنرێت. هەربۆیە گرنگی یاسایی دانپێدانان ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان دەوڵەتان بە هۆی پرۆسەی دانپێدانانەوە بەڕێوە دەبرێت و ماف و ئەرکەکان بۆ دەوڵەتی دانپێدانراو دەستەبەر دەکرێت و جێگیر دەبێت. کە دەوڵەتی دانپێدا نەنراو ئەو مافانەی نیە کە یاسای نێودەوڵەتی بە دەوڵەتی دانپێدانراوی دەبەخشێت. ماددەی (٦) ی ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆ دەڵێت: (گرنگی دانپێدانان ئەوەیە کە کەسێتی یاسایی دەچەسپێت و ماف و ئەرکەکان دیاریدەکرێت. هەروەها دانپێدانان بێمەرجەو گەڕانەوەی تێدا نیە). 
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دوو تیۆرمان هەیە بۆ دانپێدانان بە دەوڵەت. ئەوانیش: 
(
١/ تیۆری دانپێدانانی دروستکەر. ٢/ تیۆری دانپێدانانی دەرخەر).
١/ تیۆری دانپێدانانی دروستکەر Constitutive Theory: هیگڵ پێشەنگی ئەم تیۆرەیەو لە لایەن هەریەک لە (ئەنزیلۆتی، هۆڵاند، ئۆپنهایم) وە پشتگیری کراوە. بە پێی ئەم تیۆرە دانپێدانان پرۆسەیەکە دەوڵەت دروست دەکات، بۆیە ناونراوە تیۆری دروستکەر. هەر بە پێی ئەم تیۆرە دەوڵەت نابێتە کەسێکی یاسایی نیودەوڵەتی تاوەکو دانیپێدانەنرێت و بە دانپێدانانیشی هەمو ئەو مافانە بەدەست دەهێنێت کە یاسای نێودەوڵەتی پەسەندی کردون و هەروەها ئەرکەکانی دەوڵەتیشی دەکەوێتە ئەستۆ کە پێویستە پێوەی پابەند بێت.
٢/ تیۆری دانپێدانانی دەرخەر Declaratory Theory: ئەم تیۆرە لە لایەن هەریەک لە (جی هاڵ، وانگەر، برایرلی، پیت کۆبێت، فیشەر) وە خراوەتە ڕوو و پشتگیری کراوە. بە پێی ئەم تیۆرە دانپێدانان دەوڵەتەکە ئاشکرا دەکات و لە بنچینەدا دەوڵەتەکە بونی هەیە بەڵام دانپێدانان دەریدەخات و پێیان وایە دانپێدانان تەنها ڕازیبونە بەوەی کەدەوڵەتێکی نوێ ببێتە ئەندام لە خێزانی نەتەوەکان و ببێتە کەسێکی یاسایی نێودەوڵەتی. بیرمەندی هیندی یاسای نێودەوڵەتی (پازان) لە پەرتوکەکەیدا (مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی) دەنوسێت: دانپێدانان بەهەند زانینیکی فەرمیە بۆ ئەو دەوڵەتەی کە هەیە و بە دانپێدانان دەردەخرێت و ئاشکرا دەکرێت،،. 
پراکتیکی نێودەوڵەتی زیاتر تیۆری دووەم (تیۆری دانپێدانانی دەرخەر) یان پەسەند کردووە و پێیان وایە کە دەوڵەت بونی هەیە دانپێدانانیش تەنها ڕاگەیاندنێکە بە بونی ئەو دەوڵەتەدا و هەر کاتێک دەوڵەتێک پایەکانی تەواو بو ئەوا مافی هەیە کە دانیپێدا بنرێت. لە هەمانکاتیشدا یاسا ناسانی نێودەوڵەتی بە قوڵی ڕەخنەی تیۆری یەکەم (تیۆری دانپێدانانی دروستکەر) دەکەن و پێیان وایە کەم و کوڕی یاسای تێدایەو دەڵێن گەر دەوڵەتێک پایەکانی پێکهێنانی نەبێت ئەوا دانپێدانان ناتوانێت بیکاتە کەسێکی یاسایی نێودەوڵەتی هەروەها دەڵێن ناکرێت دەوڵەتێک دانیپێدا نەنرێت و نەبێتە خاوەنی هیچ ماف و ئەرکێک کە یاسای نێودەوڵەتی دەستەبەر و دیاریکردووە و نەبێتە کەسێکی یاسایی نێودەوڵەتی. ئەی ئایا ئەگەر هاتوو دەوڵەتێکمان هەبو چەند دەوڵەتێک دانیپێداناو چەند دەوڵەتێکی تر ئامادە نەبوون دانیپێدا بنێن ئەو کاتە تا چ ڕادەیەک دەبێت بە کەسێکی یاسایی؟ ئەم تیۆرە وەڵامیان پێ نیە. 
لە ماددەی (٣) ی ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆ (ڕێککەوتننامەی ماف و ئەرکی دەوڵەتان) دا هاتووە: ،، بونی سیاسی دەوڵەت جیایە لە دانپێدانانی دەوڵەتەکانی تر پێیدا. دەوڵەت تەنانەت پێش ئەوەشی دانیپێدا بنرێت، مافی هەیە بەرگری لە قەوارەو سەربەخۆی خۆی بکات و کار بۆ مانەوەی خۆی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی بکات و ئەو سیستەمانەش بۆ خۆی دابنێت کە بگونجێت بۆی، یاساو ڕێسای پێویست دابنێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی و دەزگاکانی بەڕێوە ببات و دەسەڵات و ئەرکی دادگاکانیش دیاری بکات. سەلماندنی ئەم مافانە سنوردار ناکرێت لە سەلماندنی مافی دەوڵەتانی تر بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی،،. 
لەم مادە یاساییەوە ئەوە ڕوندەبێتەوە کە یاسای نێودەوڵەتیش تیۆری دووەمی پەسەند کردووە بۆ دانپێدانان بە پێک هێنانی دەوڵەتێکی نوێ.
هەروەها ماددەی (٧) ی هەمان ڕێککەوتننامە دەڵێت: ،، دانپێدانان بە دەوڵەتدا دەکرێت ئاشکرا بێت یان نهێنی. ئەنجامەکانی دواتری هەر کردارێک دەریدەخات کە مەبەستی دانپێدانان بووە بە دەوڵەتێکی نوێدا،،.
ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان هیوای هەمو کوردێکی وشیارو دڵسۆزە بەتایبەتی ئەوانەی کە پێیان وایە چارەسەرکردنی کێشەکانی نەتەوە تەنها بە دەوڵەت بون دەبێت و لە هەقیقەتیشدا هەروایە، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئەو خەونەیە کە شۆڕشگێڕانی هزرو کردار یاسا ناسان و دڵسۆزان لە مێژە کار بۆ ڕاستی بونی دەکەن و لەو پێناوەشدا خوێنی گەش و ئاڵیان بە خشیوە و ڕوبەڕوی دژوارترین ئەشکەنجەکان و سوکایەتیەکان بونەتەوە و کەرامەتیان شکاوە و کەسایەتیان بریندار کراوە. بەڵام تا هەنوکە ئەو مافە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرژەوەندی ویستەوە پێی ڕەوا نەبینراوە. ئەو مافە مادام مافێکی ئاینی وسروشتی و یاسایی جێگیرە دەبێت لە داواکردن و بەدەستهینانی نەک هەر سوربین بەڵکو ئامادەبین قوربانی زیاتری بۆ بدەین. ئەرکی یاسا ناسانە هۆشیاری یاسای لەسەرئەو پرسە بدەن و قوڵترین زانیاری و ڕێگای گەشتن بەو ئامانجە مەزنە ببەخشن بە بڕیار بەدەستانی باشوری کوردستان هەروەها گرنگی بون و فەلسەفەی دەوڵەت ڕونبکەنەوە.
ئەمڕۆ باسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بووە بە مانشێت و هەواڵی یەکەمی میدیاکانی کوردستان و جیهان، بە پێویستی دەزانم هەنگاوەکانی گەشتن بەو مافە و گرنگیەکانی لە یاسای نێودەوڵەتیدا ڕونبکەمەوە و وەک پەیامێکی یاسایی و نەتەوەی بیدەم بە گوێی هەمواندا بەتایبەت بریار بەدەستانی باشووری وڵاتدا ئیتر نازانم تا چەند دەگات.
لە سەرەوە ئاماژەمان بە هەقیقەتە یاساییەکان بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ کردووە هەوڵیش دەدەین لێرەدا بە کورتی ئاستەنگان و چۆنیەتی بەدەستهێنانی سەربەخۆی کوردستان ڕونبکەینەوە. 
ئەمڕۆ باشترین شێواز بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆی و پێک هێنانی دەوڵەتی نوێ پیادەکردنی مافی چارەی خۆنوسینە بە بە دەستهێنانی ڕێگا ئاشتیخوازییەکەی، مافی چارەی خۆنوسین کە ئەمرۆ بووە بە پرەنسیپێکی جێگیرو چەسپاو لە یاسای نێودەوڵەتیداو مافێکی گەوهەری یاساییە بۆ هەمو نەتەوەو گروپێک بێ جیاوازی. بیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو شۆڕشی: ئەمریکی (٤-٧-١٧٧٦) و فەڕەنسی (١٤-٧-١٧٨٩). دواتر چەندین سەرکردەو یاسا ناس گرنگیان بە مافی چارەی خۆنوسین دا و لە سەردەمی (تۆماس ودرو وێڵسن ٢٨-١٢-١٨٥٦—٣-٢-١٩٢٤) بیست و هەشتەمین سەرۆکی ئەمریکا گەشەی زۆری پێدرا، وێڵس لە ٨-١-١٩١٨ چواردە خاڵەکەی پێشکەش بە کۆنگرێس کرد. ئەو پرەنسیپانەی دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبو هیوایەکی مەزنی بە گەلانی چەوساوە بەخشی بۆ بەدەستهێنانی ئازادیان.
لە خاڵی دوانزەیەمدا بەڕاشکاوی جەخت لە ئازادی گەلانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەکات و تیایدا هاتووە: ،، مسۆگەرکردنی سەروەری تەواو بۆ بەشە تورکیەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەڵام نەتەوەکانی تر کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا دەژین مافیان پێدەدرێت خۆیان بە ئارەزوی خۆیان سیستەی فەرمانڕەوای و سەربەخۆی خۆیان هەبێت. دانیشتوانە تورکەکان پێویستە لە لایەن حکومەتی تورکیەوە بەڕێوە ببرێن، ئەوانەشی کە تورک نین و لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی تورکی کۆندان پێویستە خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن،،. 
ئەم خاڵە بە ناڕاستەوخۆ باس لە ئەرمەن و کورد دەکات. هەر ئەوە بوو بە پێی ماددەکانی: (٨٨-٨٩-٩٠-٩١-٩٢-٩٣) ی پەیمانی سیڤەر (١٠-٨-١٩٢٠) کەئەو ماددانە تایبەت کرابو بە مافی ئەرمەنیەکان، توانیان بە پشتیوانی نێودەوڵەتی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان ڕابگەیەنن. ماددەکانی: (٦٢-٦٣-٦٤) هەمان پەیمان تایبەت کرابوو بە مافی کوردەکان کە بڕیار بوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ کوردی لە باکوری کوردستان پێکبهێنرێت و باشوری کوردستانیشی بخرێتە سەر. بەڵام بە هۆی نەبونی پشتگیری نێودەوڵەتی و دژایەتیکردنی نێودەوڵەتی بۆ کوردان نەک ئەو دەوڵەتە پێکنەهات بگرە خاکەکەشی داگیرکرایەوەو دابەشکرایەوە دوبارە. 
پرەنسیپی مافی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنوسیان وەک پرەنسیپێکی گەوهەری یاسای نێودەوڵەتی هاوچەرخ لە دەستوری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو جاڕنامەو ڕێککەوتننامانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەلان و مافەکانیان دەریدەکرد جێگیر کرا و لە پاش ئەوەوە بو بە مافێکی گەوهەری یاسایی و پێشێل کردنیشی بە مانای نکوڵیکردن دێت لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و شكاندنی پرەنسیپی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاستەنگ خستنە بەردەم پەرەسەندنی پەیوەندی هاوکاری دۆستانەی نێوان ئەندامان و بڵاوکردنەوەی ئاشتی لە جیهاندا. 
مافی چارەی خۆنوسین لە ماددەکانی (١- ٥٥- ٧٣- ٧٦) ی دەستوری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جێگیر کرا. لە ماددەی (١) بڕگەی (٢) دا هاتووە: ،، گەشەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان نەتەوەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی پرەنسیپی یەکسانی نێوان نەتەوەکان و پرەنسیپی مافی بڕیاردانی چارەی خۆنوسینی هەریەکەیان و گرتنە بەری ڕێو شوێنی گونجاو بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە جیهاندا،،. 
لە ١٤-١٢-١٩٦٠ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە خولی پانزەیەمیدا بە بڕیاری ١٥١٤ جاڕنامەی بەخشینی سەربەخۆی بە گەل و وڵاتە داگیرکراوەکانی پەسەند کرد. ئەم جارنامەیە داوای دەستبەجێ و بێ مەرجی کۆتایهاتنی داگیرکاری دەکات بە هەمو شێوەو دیاردەکانیەوە و داوای مافی چارەی خۆنوسین دەکات بۆ گەل و وڵاتە داگیرکراوەکان. لە ماددەی (٢) ی جاڕنامەکەدا هاتووە: ،، هەمو گەلێک مافی چارەی خۆنوسینی هەیە و ئەم مافە ئازادییان پێدەدات لە هەڵبژاردنی سیستەمی سیاسیان و ئازادانە بەدیهێنانی پەرەسەندن و گەشەپێدانی لایەنی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کەلتوریانەوە،،. 
ئەم جاڕنامەیە بە گرنگترین بەڵگەنامە دادەنرێت کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریکردبێت بۆ بەخشینی سەربەخۆی و ڕیسواکردنی کۆڵۆنیالیزم و داگیرکاری. لە هەقیقەتیشدا بەرجەستەبونێکی ڕاستگۆیانەی بەخشینی سەربەخۆییە بە گەلانی ژێر چەپۆک و ئەو گەلانەی کە لە ژێر سیستەمی ویسایە (چاودێری) دان. هەر بۆیە جاڕنامەکە بە پێویستی دەزانێت ڕێو شوێنی گونجاو و لەبار بگیرێتە بەر بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ گەلانی ئەو هەرێمانە و بە ئازادی و بە بێ هیچ مەرج و دەست پێوەگرتنێک و بە ویستی ئازادانەی خۆیان تاوەکو توانای وەرگرتنی سەربەخۆی و سەربەستی تەواویان فەراهەم بکرێت بەبێ گوێدانە جیاوازی نەتەوە، نەژاد، ڕەگەز، ئاین و ڕێبازی ئاینی. 
پرەنسیپی مافی بڕیاردانی چارەنوس لە بەر گرنگیە یاساییەکەی دیسان لە هەردوو ڕێککەوتننامەی مافە سیاسی و شارستانیەکان و ڕێککەوتتنامەی مافە ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوریەکانی ساڵی ١٩٦٦ دا جێگیرکرایەوە. لە ماددەی (١) بڕگەی (١) ی هەردوو ڕێککەوتننامەکەدا هاتووە: ،، هەمو گەلێک مافی چارەی خۆ نوسینی هەیە، بە پێی ئەم مافە بۆیان هەیە بە ئازادی بڕیار لەسەر چارەنوسی سیاسی خۆیان بدەن و بە ئازادیش درێژە بە گەشەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوریان بدەن،،. 
کەواتە دەتوانین بڵێین مافی چارەی خۆنوسین مافێکی گەوهەری یاسایی دەستەبەر کراو و چەسپاوە بۆ هەمو نەتەوە و گروپێک بە بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک. کە بەشێوەیەکی ئازادانە بڕیار لە سەر چارەنوسی یاسایی و سیاسی خۆیان دەدەن و بە شێوەیەکی ئازادانە پەرە بە بوارە ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوریەکانی خۆیان دەدەن. 
هەمو ئەو ماددەو بەڵگەنامە یاساییانە دان دەنێن بە مافی چارەی خۆنوسین بۆ هەمو نەتەوەیەک بە بێ جیاوازی و دان بە یەکسانی گەل و وڵاتە ناسەربەخۆکاندا دەنێن لەگەڵ گەل و وڵاتانی سەربەخۆ لەبەرامبەر پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی گشتی وەک مەرجێکی گرنگ و بنەڕەتی بۆ بەستنی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان هەمو نەتەوەکانی جیهان. کە ئەوەش پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە. پێشێلکردنی ئەو پرەنسیپە گەوهەریە یاساییە واتە پێشێلکردنی چەند مافێکی بنچینەی کە یاسای نێودەوڵەتی مسۆگەری کردووە بەمەش بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دروست دەکات بۆ ڕاگرتنی ئەو پێشێلکاریەش دەستتێوەردان دێتە کایەوە. بەمەش ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسیەوە. جا بۆ ئەوەی تەواوی گەلانی ژێر چەپۆک بە مافە یاسایی و سروشتیەکانیان بگەن و ئازادی بە دەست بهێنن و بتوانن بە دۆستانە لەگەڵ گەلانی ئازاد دا بژین. ئەرکێکی یاسایی و ڕەوشتمەندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکانە کە هەرچی زوترە کار بۆ سەربەخۆی گەلانی ژێر چەپۆک و نا ئازاد بکەن ڕێگربن لە ڕێگای پێشیلکاریە یاساییەکان و ئەو مافا یاساییەنەی کە خۆیان دەستەبەریان کردووە.
لە یاسای نێودەوڵەتیدا چەندین شرۆڤەکاری و ڕاڤەکاریمان هەیە بۆ بریاردانی مافی چارەی خۆنوسین. لێرەدا ڕاڤەکاری سروشتی یاسایی پرەنسیپی مافی چارەی خۆنوسین ڕوندەکەینەوە.
١/ مافی چارەی خۆنوسینی ناوخۆی Internal Right Self-Determination : مافێکی یاسایی دانیشتوانی وڵاتێکە بۆ هەڵبژاردنی سیستەمی سیاسی وڵاتەکەیان و دەستنیشانکردنی حکومەتەکەیان بە ویستی ئازادانەی خۆیان و مافی دروستکردنی بڕیاری سیاسی خۆیان. ئەم مافە بە تەنها چارەنوسی سیاسی ناگرێتەوە بەڵکو مافی دانیشتوانی دەوڵەتە بۆ بە ئازادی پەرەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوریی خۆیان. بە کورتی مانایەکی تری ئەم مافە دەستبەرکردن و جێبەجێکردنی تەواوی مافەکانی هەمو گروپە جیاوازەکانە لە چوارچێوەی هەرێمی ئەو دەوڵەتەی کە لێی دەژین. 
٢/ مافی چارەی خۆنوسینی دەرەکی External Right Self-Determination: جێبەجێکردنی ئەم مافە بریتیە لە لە ناوبردنی کۆڵۆنیالیزم و داگیرکاری و ڕاگەیاندنی سەربەخۆی و پێکهێنانی دەوڵەت بۆ هەمو گەل و وڵاتە داگیرکراوەکان بە بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک. بە پێی ئەم ڕاڤەکاریە هەر گەل و وڵاتێک کە تاهەنوکە داگیر کراوەو دەچەوسێنرێتەوە و نەگەشتوە بە سەربەخۆی وە مافی چارەی خۆنوسینی ناوخۆی بۆ دەستەبەر نەکراوەو جێبەجێنەکراوە ئەوا مافێکی یاسایی هەیە کە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ڕابگەیەنێت و لەو دەوڵەتە جیاببێتەوە کە لە ناویدا دەژی. هەر لەم حاڵەتەدا دەکرێت ڕیگری کردن لە بەشداربونی گروپێکی دیاریکراو لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ ئەوەی گەشە بە لایەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری خۆیان بدەن پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنی وڵاتەکەشدا دەنگی پێویستیان هێنا بێت بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی یاسایی و سیاسیدا بەڵام ئاستەنگیان بۆ دروست بکرێت. ئەم گروپەش مافی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە. هەروەک جیابونەوەی بەنگلادیش لە پاکستان لە ساڵی ١٩٧١. ئەم مافەش ئەگەر هاتو بە شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئاشتیانە و دیپلۆماسیانە مسۆگەر نەکرا ئەوا دەتوانرێت هێز بەکاربهێنرێت بۆ گەشتن بە سەربەخۆی. هەر بۆیە بەکارهێنانی هێز لەلایەن بزتنەوە ئازادیخوازەکان بۆ سەربەخۆی کە خاکەکەیان داگیرکراوە و دەچەوسێنرێنەوە ئەگەر هاتو لە چوارچێوەی یاساکانی جەنگ و پرەنسیپەکانی مافی چارەی خۆنوسیندا بێت ڕەواو یاساییە. گەرچی ئەمڕۆ بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێکۆشان و ناوی زۆرێک لەو بزوتنەوە ئازادیخوازانەی خستووەتە ڕیزی تیرۆرەوە. 
٣/ مافی چارەی خۆنوسین بە ڕاپرسی Right Self-Determination by Referendum: یاسا ناسانی نێودەوڵەتی ئەم شێوازە بە باشترین شێواز دادەنێن بۆ جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنوسین بە پێی یاسای نێودەوڵەتی. ئەم ڕاپرسیەش لە بەرەنجامی ماددەیەکی دەستوری دەکرێت کە لە دەستوری وڵاتەکدا ڕاپرسی جێگیر کرابێت یاخود ڕاپرسییەکە بە پەیمانیک دەکرێت کە لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمەکدا بەسترابێت. ئەمەش بەوە دەبێت کە هەرێمی دەوڵەتێک ڕاپرسی ئەنجام بدات بۆ دانیشتوانی هەرێمەکەی کە ئایا دانیشتوانەکەی دەیانەوێت لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا بمێننەوە کە هەنوکە لێی دەژین یاخود جیاببنەوەو سەربەخۆی وەربگرن. نمونەی ئەم جۆرە ڕاپرسیەش وەک ئەوەی گەلی تەیموری خۆرهەڵات لە ٣٠-٨-١٩٩٩ ڕاپرسییەکی گشتی ئەنجامداو ٧٨،٥٠% دەنگیان بۆ سەربەخۆیدا، مۆنتینیگرۆ لە ٢١-٥-٢٠٠٦ ڕاپرسی ئەنجامداو لە ٨٦،٥٠% دانیشتوانەکەی دەنگیان بۆ سەربەخۆیدا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانی بەسەربەخۆییەکەیدانا. هەروەها گەلی باشوری سودان کە پاش ئەوەی حکومەتی ناوەندی خەرتوم و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی سودان لە ساڵی ٢٠٠٥ پەیمانی نایڤاشا یان بەست، سەربەخۆی باشوری سودان یەکێک بو لە ئەنجامەکانی جێبەجێکردنی پەیماننامەکە، نایڤاشا ئاماژەی کردبوو کە لە ٩-١-٢٠١١ ڕاپرسی دەکرێت کە ئایا گەلی باشوری سودان دەیانەوێت وەک هەرێمێک لە چوارچێوەی سودان دا بمێننەوە یاخود سەربەخۆی وەردەگرن. هەر ئەوەش بوو ئەنجامی ڕاپرسیەکە لە ٩٨.٨٣% دەنگیان بە سەربەخۆی داو وە لە ١٤-٧-٢٠١١ لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک وڵاتێکی تازە سەربەخۆ بە ئەندام وەرگیران. 
یاخود دەکرێت پەڕلەمانی هەرێمێک تاکلایەنە سەربەخۆی خۆی ڕابگەیەنێت. نمونەی ئەم جۆرە سەربەخۆییەش پەڕلەمانی کۆسۆڤۆیە کە لە ١٧-٢-٢٠٠٨ تاکلایەنانە سەربەخۆی کۆسۆڤۆی ڕاگەیاند و دادگای دادی نێودەوڵەتیش ئاماژەی بەوە کردکە: ،، ڕاگەیاندنی تاکلایەنانەی سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ پێشێلکاری نییە بۆ یاسای نێودەوڵەتی گشتی، چونکە یاسای نێودەوڵەتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی قەدەخەنەکردووە،،. 
سەرکردایەتی سیاسی کورد لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ڕوخاندنی رژێمی بەعس لە عێراق لە بری ئەوەی سەربەخۆی کوردستان ڕابگەین ڕۆشتنەوە باوەشی عێراقێک کە لەوەتەی هەیە دەوڵەتێک بووە پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی بەخۆیەوە نەدیوە، کە ئەوەشیان نەکرد لە بری ئەوەی لە دەستوردا ماددەیەک جێگیر بکەن یاخود ڕێککەوتننامەیەک بنوسن بۆ ڕاپرسی گەر هاتو مافەکانی کورد کە لە دەستوردا دەستەبرکراوە جێبەجێنەکرا ئەوا ڕاپرسی ئەنجام بدەن بۆ مانەوە لە چوارچیوەی عێراقدا یاخود سەربەخۆی. پێچەوانەکەیان کرد نەک هیچ بڕگەو ماددەیەکی دەستوریان بۆ ئەو پرسە گەوهەرییە، یاساییە، گرنگ و پێویستە جێگیر نەکرد بەڵکو سوێندیان خوارد کە یەکپارچەی عێراق بپارێزن. بەدەست و ویستی خۆیان چارەنوسی نەتەوەیەکی ستەمدیدەو جینۆسایدکراویان خستە دەستی عێراقێکەوە کە لە دامەزراندنیەوە خوێنی لە کورد ڕشتووە و جینۆسایدی کردووە.
لە ئێستادا ئەرکێکی یاسایی و ڕەوشتمەندی بڕیار بەدەستانی باشوری کوردستانە کە پشت بەست بەو هۆشیارییە یاساییەی کە دەیبەخشین میکانیزمەکانی مافی چارەی خۆنوسیین بە ڕێگای ڕاپرسی بگرنە بەر کاری یاسایی و دڵسۆزانە بۆ سەربەخۆی کوردستان بگرنە بەر. وەک جۆن ٢٠٠٣ ئەو هەلە مێژووییەیان لە دەستدا با ئێستا ئەم هەلە لەدەست نەدەن و هاواری ئازادیخوازی و یاساییمان پەرواێز نەخەن چونکە چارەسەری سەرەکی کێشەکانمان دەوڵەتی سەربەخۆ و جیابونەوەیە لەو عێراقەی کە باشترین خەڵاتی بۆ ئێمە جینۆساید بووە.
ئەم سێ بەڵگەیەی لای خوارەوە داواکاری ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدابەهێزتر دەکەن:
١/ پرەنسیپی مافی چارەی خۆنوسین پرەنسیپێکی گەوهەری یاسایی نێودەوڵەتی جێگیرە بۆ هەمو گەلان و گروپەکان بێ جیاوازی نەوەک بە تەنها بۆ گەلانی داگیرکراواو ژێر چەپۆک.
٢/ پرەنسیپی دەست تێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتیک بە پێی هەردوو بڕگەی (٤-٧) ی ماددەی (٢) ی دەستوری نەتەوە یەکگرتووەکان و ماددەی (٨) ی ڕێککەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆ قەدەخەکراوە و نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی تر ئەو مافەیان نیە دەست وەربدەن لە کاروباری ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتێکی تر. بەو پێیەش پرۆسەی جیابونەوە و ڕاگەیاندنی سەربەخۆی لە لایەن هەرێمی دەوڵەتێکەوە کارێکی ناوخۆیی کاروباری دەوڵەتی پەیوەندیدارەو و ناچێتە چوارچیوەی دەسەڵاتی یاسای نێودەوڵەتیەوە. 
٣/ ئەنجامدانی تاوانە نێودەوڵەتیەکان بە تایبەت تاوانی جینۆساید دژی کورد لە لایەن ڕژێمی پێشوی عێراقەوە. کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیش دان بەوەدا نراوە کە نەتەوەی کورد ڕوبەڕی چەوساندنەوەو جینۆساید بووەتەوە. بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە پێشەکی بڕیاری (٦٨٨) کە لە ٥-٤-١٩٩١ دەریکرد بۆ پاراستنی باشوری کوردستان و جێگیرکردنی هێڵی ٣٦ ناوچەی دژە فڕین، ئاماژە دەکات کە: ،، ئەنجومەنی ئاسایش هەست بە نا ئارامیەکی قوڵ دەکات بەرامبەر ئەو داپڵۆسینەی دانیشتوانی سیڤیلی عێراقی توشی دەبن لە زۆر پارچەی عێراق و لەم دواییەدا ناوچە کورد نشینەکانیشی گرتەوە و بووە هۆی زیادبونی پەنابەرانی بە شێوەیەکی فراوان بەرەو سنوری نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی بۆردومان لە دەوروبەری سنور بە جۆرێک ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسیەوە. لە کاتێکدا ئەنجومەنی ئاسایش هەست بە نا ئاسودەییەکی قوڵ دەکات بە رامبەر ئەو ئازارە سەختە توشی مرۆڤەکان بوون لە ئەنجامی ئەوەدا ڕیسواو لۆمەی ئەو داپڵۆسینە دەکات،،. 
هەروەها پەڕلەمانی دەوڵەتانی (سوید- نەرویج- بەریتانیا- سکۆتلەندا- کۆریای باشور) ئەو تاوانانەی کە ڕژیمی بەعسی سەددام لە دژی کورد لە باشوری کوردستان ئەنجامیدان بە تاوانی جینۆساید ناسان دووە. لەسەروی ئەوانەشەوە و لەسەر ئاستی عێراقی دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی بە پێی یاسای ژمارە (١٠) ی ساڵی ٢٠٠٥ کەیسەکانی ئەنفال، کوردە فەیلیەکان، بارزانیەکان و هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، پەڕلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆی ژمارە (٩) بە بڕیاری ژمارە (٢٦) لە ١٤-٤-٢٠٠٨ پرۆسەی ئەنفالی بە جینۆساید ناساند، پەڕلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆی ژمارە (٤٤) لە ١٧-٣-٢٠١١ کەیسی کیمبارانکردنی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، ئەنجومەنی سەرۆکایەتی عێراق بە بڕیاری ژمارە (٢٦) لە ١٠-٩-٢٠٠٨ تاوانەکانی ڕژێمی سەددامی دژ بە باشوری کوردستان بە جینۆساید ناساند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە بڕیاری ژمارە (٤٢٦) لە ٢٧-١٢-٢٠١٠ ئەنفالی کوردە فەیلیەکانی بە جینۆساید ناساند. هەروەها لەسەر ئاستی کوردستانیش پەڕلەمانی کوردستان لە ١٤-٤-٢٠٠٨ تاوانەکانی ڕژێمی سەددامی دژ بە باشوری کوردستان بە جینۆساید ناساند، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش بە بڕیاری ژمارە ١٣ لە ٢-٦-٢٠٠٨ تاوانەکانی ڕژێمی سەددامی دژ بە باشوری کوردستانی بە جینۆساید ناساند. 
بەڵگەی ئەم دان پێدانانە یاساییانە گرنگی و پاڵپشتێکی گەورەیە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەروەک چۆن زۆر نەتەوەی جینۆساید کراو جینۆسایدەکەیان وەک بەهێزترین کارت بەکارهێنا بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆی و پێکهێنانی دەوڵەتی خۆیان و سەلماندیان کە مافەکانی ئەوان بە تەنها بە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان مسۆگەر دەبێت و جێبەجێدەکرێت نەک مانەوە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی کە جینۆسایدی کردون. نمونەی ئەو دەوڵەتانەش ئەرمەنستان، ئیسرائیل و بەنگلادیش، پێنج کۆمارەکەی یوگۆسلاڤیای جاران کرواتیا، سلۆڤینیا، هیرسۆگۆڤینا، بۆسنە و مەکدۆنیا، دوو کۆماری یوگۆسلاڤیای فیدراڵی نوێ مۆنتینگرۆ و کۆسۆڤۆ، هەروەها دواترین دەوڵەتیش باشوری سودان.
هەرێمی باشوری کوردستان هەرێمێکی یاسایی و دەستوریە. وە بە پێی ماددەی (٥٦) بڕگەی (٢) لە یاسای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ژمارە (١) ی ساڵی ١٩٩٢ ی هەموارکراو لە دەسەڵاتی پەڕلەمانی کوردستاندایە بریار لەسەر پرسە چارەنوسسازەکانی کوردستان بدات و پەیوەندی یاسایی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەنددا دیاری بکات. 
تاوەکو ماددەی ١٤٠ ی دەستوری هەمیشەی عێراق جێبەجێنەکرێت بەو ڕێگایانەی هاتووە واتا ئاسایکردنەوەی پاشماوەی سیاسەتی بەعەرەبکردن، ڕاگواستن، سەرژمێری و ڕاپرسی ئازاد لە بارەی چارەنوسی ناوچە دابڕێنراوە داگیرکراوەکان ناتوانرێت بوترێت کە باشوری کوردستان مافی چارەی خۆنوسینی خۆی جێبەجێکردووە. ئەگەرچی جێبەجێکردنی فیدراڵی بە جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنوسین دەژمێردرێت بەپێی پرەنسیپی مافی مرۆڤ لە یاسای نێودەوڵەتیدا، بەڵام لەبەر ئەوەی فیدراڵی بۆ باشوری کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بە مەرجەکانیەوە جێبەجێنەکراوە کە کە گرنگترینیان یەکلایکردنەوەی چارەنوسی ناوچە دابڕێنراوە داگیرکراوەکانە. کەواتە دەتوانین بڵێین فیدراڵیش بۆ باشوری کوردستان نەچەسپاوە.
کەواتە لە ژێر ڕوناکایی ماددەی (٥٦) بڕگەی (٢) لە یاسای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ژمارە (١) ی ساڵی ١٩٩٢ ی هەموارکراو. پەڕلەمانی کوردستان دەسەڵات و مافی ئەوەی هەیە بە ڕاپرسییەکی ئازاد و گشتگیر لەبەردەم گەلی کوردسستاندا تاکلایەنە بڕیار بدات لەسەر جیابونەوەی باشوری کوردستان لە عێراق و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کورسستان. 
تاوەکو ئەو کاتەی کە پەڕلەمانی کوردستان ڕۆژی ڕاپرسی بۆ هەمو گەلی باشوری کوردستان دیاریدەکات، لە ئێستاوە ئەرکی ڕەوشتمەندی و مێژووی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە هەنگاوی پێویست لە هەمو ڕەهەندەکانەوە بگرێتە بەر ئەویش:
١/ ناردنی شاندی کوردی زمانزان و شارەزا لە یاسا نێودەوڵەتیەکان بۆ هەمو وڵاتانی دنیا بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری و وەرگرتنی گەرەنتیەک گەر دەوڵەتی کوردستان ڕاگەیەنرا دانیپێدابنێن. وە جەخت لەوە بکەنەوە کە مێژوو ئەوەی تۆمار کردووە کە کورد و ئەزمون و فەرمانڕەواییەکەی مەترسی نین بۆ سەر نەتەوەکانی تر، ئاینەکانی تر، نەژادەکانی تر، ڕەگەزەکانی تر و نەتەوەیەکن گەر دەرفەتیان پێبدرێت دوڵەتی سەربەخۆیان هەبێت، ئەوا بەشدارییەکی ڕاستگۆیانەو مەزن دەکەن لە پاراستن و بەردەوامی دان بە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و گێڕانەوەی سەقامگیری نێودەوڵەتی، هەر بۆ سەلماندنی ئەوەش فەرمانڕەوای کۆماری کوردستان و هەرێمی ئێستای باشوری کوردستان دوو نمونەن کە شایستەی ئەوەن وانەی گەورەیان لێوەر بگیرێت و دەستەبەرکردنی مافی گروپ و کەمە ئاینییەکان و نەتەوەییەکانی تر لە کۆماری کوردستان و باشوری کوردستان سەلمێنەری ئەو هەقیقەتە نکوڵی لێنەکراوەن. 
٢/ لێبڕاوانەو دڵسۆزانە هەنگاو نان بەرەو ئابورییەکی سەربەخۆ، بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری کوردستان، گرنگی دانی قوڵ بە کەرتی کشتوکاڵ و بەروبومی ناوخۆ، سەربەخۆ کردنی خواردەمەنی و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانە کە تاهەنوکە لە دەوڵەتانی داگیرکەرەوە بۆمان دێت.
٣/ گوێگرتن بۆ پەیامی دڵسۆزان و یاسا ناسان و بیستنیان و کار پێکردنیان.
٤/ گێڕانەوەی ئینتیما بۆ جوگرافیای دایک و ئاشتکردنەوەی لاوان بە نیشتیمان.
٥/ دەستگیرکردن و دادگایکردنی تاوانباران (جاشەکانی) ی جینۆسایدی کورد کە بریاڕی دەستگیرکردنیان لەلایەن دادگاوە بۆ دەرچوە. 
٦/ دابەشکردنی داهاتی نەوت بۆ هەموان بە شێوەیەکی دادپەروەری و بێ جیاوازی.
٧/ دەستەبەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی.
٨/ پشت نەبەستن و فریو نەخواردنی دروشمە سۆز ئامێزو بەرژوەندی هەڵگرەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر بە تایبەت تورکیا چونکە ئەوانە دۆستی بەرژەوەندین و دەکرێت هەرکات بەرژەوەندی زیاتریان دەست کەوت لەو بەرژەوەندییەی کە لە باشوری کوردستانەوە دەستی دەکەوێت کورد بگۆڕیتەوە و بفرۆشێت وەک چۆن یەکێتی سۆڤیەتی جاران بەرامبەر بە کۆماری کوردستان بە بنەمای گرت.
٩/ بە ئاگاهاتنەوە و وازهێنان لە ڕاژە کردنی قوڵ بە داگیرکەران و حکومەتی ناوەندی وەک چۆن وەزیرە کوردەکەی دەرەوەی عێراق چالاکیە بونخواز و ئازادیخوازەکەی خۆرهەڵاتی کوردستانی بە کردەوەی تیرۆریستی ناوەزەدکرد و سەرەڕای ئەوەش هەوڵەکانی قوڵ و چڕکردەوە لە دەرهێنانی عێراق لە ژێر بەشی حەوتەمی دەستوری نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدا مافەکانی کورد لە باشوری کوردستان جێبەجێنەکرابوو. چونکە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ کاتێک گونجاوترو باشتر دەبو کە عێراق هەر لە ژێر بەشی حەوتەمی دەستوری نەتەوە یکگرتووەکاندا بوایە نەک وەک ئێستا خاوەنی سەروەرییەکی تەواو.
لە کۆتایدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە لەسەر ئاستی میدیایی ئەو هۆشیاریە لای تاک بە تاکی نەتەوە دروستبکرێت کە تاکە چارەسەری کێشەکانمان و دەستەبەرکردنی مافە یاسایی و سروشتیەکانمان دەوڵەتیێکی سەربەخۆی دادپەروەر دیموکراتە نەک دەوڵەت-نەتەوە و مانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوە داگیرکەرەکاندا. 
هەروەها نکوڵی لەو بانگەشەیە بکرێت و وەڵامیان بدرێتەوە کە دەڵێن کورد ناتوانێت دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنێت بە هۆی ئەوەی کە وڵاتێکی داخراوە. ئەمەش بەوەی کە لەسەر ئاستی تیۆری و لە یاسای نێودەڵەتیدا و بە پێی ڕێککەوتننامەی یاسای دەریاکانی ساڵی ١٩٨٢ دەوڵەتە داخراوەکان هەمان مافی ڕاگەیشتنیان بە دەریاو زەریاکان، سود وەرگرتن لە سامانی سروستی دەریاو زەریاکانیان....هتد هەیە. لە لایەکی ترەوە ئێستا لە جیهاندا ٤٦ دەوڵەتی داخراو واتا بێ کەناری دەریای هەن. تازەترین دەوڵەتی داخراویش کە تازە سەربەخۆی وەرگرتبێت باشوری سودانە. 
گرنگی هەبونی دەوڵەت هەر بەتەنها ئەوە نیە کە لە ژێر چەپۆکی و ستەم ڕزگارمان دەبێت و هەناسیەکی پشو و ئازادی هەڵ دەمژین. بەڵکو زیاد لەوەش هەندێ ماف هەیە لە یاسای نێوودەوڵەتیدا بە تەنها بۆ دەوڵەت دەستەبەر کراوە. لە گرنگترین ئەو مافانەش: 
١/ مافی پەنابردنە بەر دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی (لاهای) بە پێی ماددەی (١٣) ی دادگاکە ئەگەر تاوانە نێودەوڵەتیەکان کە لە ماددەی (٥) ی دادگاکەدا لە دژی هەر لایەنێک ئەنجام بدرێت. دەبێت ئەو لایەنە دەوڵەت بێت و ئەندامی دادگاکەش بێت ئەوکات دەتوانێت پەنا بۆ دادگاکە ببات بۆ ئەوەی مافەکانی بۆ وەربگرێتەوە تاوانبارانیش سزا بدات.
٢/ مافی بەرگری گەوهەری ڕەوا کە لە دەستوری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەستەبەر کراوە بە پێی ماددەی (٥١) ی دەستوری ڕێکخراوەکە تەنها دەوڵەت دەتوانێت سود لەم مافە وەربگرێت و دەبێت ئەو دەوڵەتەش ئەندامی ڕێکخراوەکە بێت. 
٣/ مافی بەستنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان کە ڕێكکەوتننامەی ڤییەننا (یاسای ڕێککەوتننامەکان) ئاماژەی بۆ کردووە بە پێی ماددەی (١- ٢) ی ڕێککەوتننامەکە ئەم ڕێککەوتننامەیە لەسەر دەوڵەتان جێبەجێدەکردێت و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان بە تەنها لە نێوان دەوڵەتاندا دەبەسترێت....هتد.
قۆناخەکانی مێژوو ئەوەی تۆمار کردووە کە هیچ داگیرکەرێک مافەکانی نەتەوەی دەستەبەر نەکردووە. لە دوای داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستانی گەورە لە ڕێککەوتننامەی لۆزانی (٢٤-٧-١٩٢٣) و وە لە پێش ئەوەوە داگیرکەرانی کوردستان نەک هیچ مافێکی یاسایی وسروشتی بۆ کوردیان دەستەبەر نەکرد بەڵکو نکوڵی لە هەبونی و کورد و جینۆسایدیشیان کردن. بۆیە تاکە چارەسەری ڕیشەی دەوڵەتی سەربەخۆ و ڕزگاربونە لە ژێر چەپۆکی. لە مێژە کورد ویستی بە ئازادییەکی مانادارەوە یەکدی وەک مرۆڤ لە ئامێز بگرن بەڵام ئەوان نەیانویست، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بۆ هەمیشە لێیان جیا ببینەوەو لەگەڵیاندا نەژین.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر