۱۳۹۴ خرداد ۳۱, یکشنبه

نا بۆ سزای مەرگ بە بۆنەی لەسێدارەدانی "مەنسوور ئاروەند"

ئەستاندنی گیانی هەر مرۆڤێک لە ژێر ناوی سزا بە هەر بیانوویەک بە تاوان دەزانم جا ئەو تاوانە چ لە لایەن کەسێک، گروپێک، حیزبێک یان دەسەڵاتی دادوەری وڵاتێکەوە بێت.
هەموو کەس مافی سرووشتی خۆیەتی کە ژیان بکات و هیچ کام لەو کەس، گروپ، حیزب و دەسەڵاتانە مافی ئەوەیان نیە کە ئەو مافە سروشتیە لە مرۆڤەکان زەوت بکەن. لەسەر ئەو بنەما مرۆییە هەنووکە ١٠٣ وڵات سزای مەرگیان لە یاسای سزادان دا لابردووە و لە شەش وڵاتیش سزای مەرگیان تەنیا بۆ هەندێک کات و هەڵومەرجی تایبەت بۆ نمونە لە کاتی شەڕ دا هەیە.
پەنجا وڵاتیش سەڕەڕای هەبوونی سزای مەرگ لە یاسای سزادانیاندا ئەوا ئەو سزایەیان بە کردەوە ڕاگرتووە و کاری پێناکەن.  بەڵام ئێستاش لە سی و شەش وڵاتی جیهانیش سزای مەرگ یاساییە وکاری پێ دەکەن کە ئێران، چین و عەرەبستان لە ریزی هەرە پێشەوەی ئەو وڵاتانەن.[1]

چیا عەبدوڵاپوور


کۆماری ئیسلامی و سزای مەرگ
سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە بە پێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ''سزای مەرگ'' رێگەی پێدراوە و یاساییە، بۆیە خودی یاساکە خۆی نا مرۆییە و خۆی رێگە خۆشکەرە بۆ کولتووری توندوتیژی لە ناو کۆمەڵگادا و لە کارنامەی کۆماری ئیسلامی لەو بوارەوە زۆر ڕەشە بەڵام ئاماژە دان بە دوو خاڵ لێرەدا بە پێویست دەزانم.
1.سیستمی دادوەری کۆماری ئیسلامی و یاساکانی لەو بوارەوە یاسا گەڵێکی نادادپەروەرانە و نابەرابەرن، بەڵام سەڕەڕای ئەوەش ئەو یاسا نادادپەروەر و نابەرابەرانە کاتێک رووبەرووی چالاکێکی سیاسی بە گشتی و چالاکێکی سیاسی کورد دەبێتەوە ئەوا تەنانەت ئەو یاسا نابەرابەرانەش دەور نابینن و جێبەجێ کاران و پارێزەرانی ئەو یاسا (نابەرابەرانە)یەش ئەگەر لە شوێنێک دا لە بەرژەوەندی تاوانبار(بە پێی یاسای سزادانی ئێران)، یاساکە لە پێوەندی لەگەڵ تۆمەتباری کورد دا جێ بەجێ ناکەن و خۆیان لەسەروو ئەو یاسایانەش بڕیار دەدەن و بە کردەوە هیچ مافێک بۆ تۆمەتبار (هەر وەک وتم ئەگەر کورد بێت ئەوا دۆخەکە نالەبارتریشە بۆ ئەو) ڕەوانابین.
2.زیندانیانی کورد بەتایبەت چالاکانی سیاسی و ئەوانەی کە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی گیراون زیاتر وەک بارمتە و کارتی فشار کەڵکیان لێوەردەگیردرێت کە ئەوەش بە دوو شێواز.
یەکەم: وەک بارمتە بەم مەبەستە کە تۆڵە لە حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و بە گشتی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و بە هەرچالاکیەکی ئەوان ئەوا زیندانیەک یان چەندین زیندانی سیاسی کورد لەسێدارە دەدەن تەنانەت ئەگەر ئەو زیندانیانە حوکمی لە سێدارە دانیشیان نەبێت یان ئەگەر حوکمێکی ئاوا نادادپەروەرانەشیان بەسەردا بسەپێنن تەنیا بۆ ئەو مەبەستەیە تاکوو بتوانن لەو کاتەدا بە مەبەستی خۆیان کەڵکی لێوەربگرن. بۆ نمونە ساڵی پار دوای گوژڕانی چەند پاسدار لە بانە زیندانی سیاسی ''شێرکۆ مەعارفی'' لە سێدارە درا و تازەترینیش ''مەنسور ئاروەند'' بوو کە ئەویش بە دوای ئەوەدا هات کە ماوەیەک لەمەبەر لە ناوچەی سەردەشت چەند پاسداری کوژران و بریندار بوون.
دووهەم: وەک کارتی فشار بۆ شەڕی دەسەڵات لە ناو خۆی کۆماری ئیسلامی کە باڵی توندڕەوی دەسەڵات و باڵە چەکدارەکەی بە دژی ئەو باڵەی کە خۆی بە ریفۆم خواز دەزانێت (لە قۆناخی ئێستادا بە دژی دەوڵەتی روحانی) بەکاری دێنن تاکوو بتوانن ڕاو بۆچوونی خۆیان بەسەر ئەواندا بسەپێنن بۆ نمونە لە پێوندی لەگەڵ پرسی ناوەکی و لابردنی تەحریمەکان لەسەر ئێران.
ئامارەکانی لەسێدارەدانی زیندانیان بە گشتی و زیندانیانی سیاسی لە ئێران لە ساڵی ڕابردوو دا ئەوە دەسەڵمێنن.
هەرچەند دەبێ ئەوە بڵێم کە بە گشتی باڵەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پرسی کورد لە رۆژهەڵات ڕاو بۆچوونیان زۆر لێک نزیکە و لە بڕی ئەوەی بە دەرفەتی بزانن و هەوڵی چارەسەر کردنی بدەن، نکۆڵی لێدەکەن و زیاتر وەک مەترسی لێی دەڕوانن نەک دەرفەت، بەڵام باڵی توندڕەو زیاتر لەوە بە لەسێدارە دانی چالاکانی سیاسی و دروست کردنی کێشەی جۆراوجۆر لە کوردستان و بە گشتی پێک هێنانی کەشێکی ئەمنیەتی دەیهەوێ کە بۆچوونی خۆی زیاتر بسەپێنێت وپرۆژە و بەرنامەکانی خۆی جێ بەجێ بکات.

تازەترین قوربانی سزای نادادپەروەرانەی مەرگ
هەر وەک وتم کۆماری ئیسلامی ئێران کارنامەیەکی ڕەشی هەیە لە جێ بەجێ کردنی سزای مەرگ بە تایبەت لە دژی چالاکانی سیاسی کە کورد پشکی شێری لەو سزایە وەبەر کەوتووە وساڵ نیە چەندین چالاکی سیاسی کورد بە تاوانی جۆراوجۆر ئەو سزایەیان بەسەر دا نەسەپێت و لەکۆتایشدا گیانیان لێ نەستێندرێت.
شەهید "مەنسور ئاروەند" تازەترین قوربانی ئەو سزا نادادپەروەر و دەتوانم بڵێم ئەو تاوانەیە کە بەدەستی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدرێت.
مەنسوور ئاروەند کە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ لە ماڵی خۆیدا لە شاری مەهاباد قۆلبەست کرا و بە تاوانی ''دژایەتی لە گەڵ خوا، بانگەشەی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی لە حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی سەرەتا سزای مەرگی بەسەردا سەپاو دواتر حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی داشکا[2]، بەڵام سەڕەرای ئەوەش رۆژی یەکشەمە واتە ٢٥ی مانگی جۆزەردان دوای ئەوەی کە لە زیندامی مەهابادەوە بۆ زیندانی میاندواو ڕایانگواست ئەوا بە شێوەیەکی شاراوە بە بێ ئەوەی کە بە بنەماڵەکەی ڕابگەیەنن لە سێدارە دڕا و تەنانەت تاکوو هەنوکەش تەرمەکەیان نەداوەتەوە بە بنەماڵەکەی و ئیزنی دانانی ''سەرەخۆشی''شیان نەداوە بە بنەماڵەکەی، کارێک و ئیزن نەدانێک کە کە بۆ زۆرینەی هەرە زۆری ئەو چالاکانەی کە بە تاوانی سیاسی لەسێدارە دراون پەیڕەو کراوە.
بە دڵنیایەوە لە سێدارەدانی مەنسور وەک هەموو مرۆڤێکی وریا و نیشتمان پەروەر  ناخی منیشی لەپێشدا وەک مرۆڤێک و دوایش وەک کوردێک هەژاند و دڵگرانی کردم و لەکۆتاییدا ئەو شێعرەی شاعیری ناوداری کورد ''شێرکۆ بێکەس'' پێشکەشی گیانی پاکی ئەو نیشتمان پەروەرە دەکەم و هیواخوازم رۆژێک بێت کە سزای مەرگ لە یاسای سزادانی ئێران و هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئەو سزایە جێ بەجێ دەکەن نەمێنیت.




شه‌هید نه‌مره‌ وه‌کوو شاخ،
وه‌کوو به‌فر، وه‌کوو دره‌خت، وه‌کوو به‌هارو گوڵه‌باخ
شه‌هید ئاوه‌، تینوێتیی زه‌وی ده‌شکێنێ
په‌نجه‌و ده‌سته‌، ئازاری خاک راده‌ژێنێ
سۆمای چاوه‌، کام دواڕۆژ دووره‌ ده‌یبینێ.
شه‌هید باڵای به‌قه‌د باڵای کوردستانه‌
دڵی ئازادی‌ و به‌یداخی لووتکه‌ی هه‌ڵوێستی ئینسانه‌.


وشە سەرەکیەکان:
مەنسور ئاروەند، سزای مەرگ، لەسێدارەدان، کورد، رۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکی سیاسی، شەهید، کۆماری ئیسلامی ئێران، دەسەڵاتی دادوەری، نادادپەروەرانە، مرۆڤ.




[1] ـ ویکی پێدیا بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٣
[2] ـ ماڵپەری کوردستان و کورد

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر