۱۳۹۴ مهر ۱۰, جمعه

ئازادی، خۆی، خۆی راستەقینە

بەرامبەر یا خۆد پێچوانەی ئازادی، بەندیخانە و کۆت و دیڵیەتیە کە لە لایەک لە لەیەن دەسەڵات بە سەر مرۆڤە ئازادی خوازەکاندا دەسەپێندرێت و لە لایەکی دیکەشەوە کۆمەڵگاو کۆمەڵێک داب و نەریت و کولتوری دواکەوتووەوە بەسەر مرۆڤ دا دەسەپێندرێت و ئەو خۆی ڕاستەقینەی مرۆڤ دیل دەکات و هەم دەیکاتە دیل و هەمیش دیلەوان.
مەبەستی من لێرەدا باس کردنە لەو دیل و دیلەوانەیە کە ئەگەر بەدوای سەری داوەوەکەوە بچین لە کۆتاییدا دەگەینە  نەبوونی ئازادی، کە نەبوونی ئەو ئازادیەیە کە هۆکاری کولتور و داب و نەریتی دواکەوتوانە و بەردەوام بوونیانە، کە ئەوانیش کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر مرۆڤی ناو خۆیان دەکەن و کەسایەیەکی دیلیان لێ درۆست دەکەن کە مرۆڤەکە دیلەوانی خۆیەتی یان بە واتایەکی دیکە دیلی خۆیەتی، خۆیەک کە خۆی ڕاستەقینەی دیل کردووە.

 بە بڕوام ئازادی یانی ئەوە کە مرۆڤ هەست نەکات کە قسەیەک، وشەیەک، بیرو ئایدیایەکی کە لە مێشک دایە کە ناتوانێ دەرببرێت و هەروەها ترسی لە دەڕبرینیان نەبێت. بەڵام ئاخۆ مرۆڤەکان ئازادن ئێمە لە ناو کۆمەڵگا و وڵاتێکی نا ئازاد دا گەورە بوویین و کەسایەتیمان دروست بووە بۆیە گۆڕانی شوێن هەر لەخۆوە ئەو ئازادیە بەهەم ناهێنی و ناتوانێ ئەو کەسایەتیەمان لەو قەیدو بەندانەی کە لەو کۆمەڵگا نا ئازادەدا تێدا پێک هاتووە و گەورە بووە ئازاد بکات.
چوونکە ئەگەر بتهەوێ سەبارەت بە پرسێک قسە بکەی و ڕای خۆت بڵێی یان بۆچوونی خۆت لە چووارچێوەی ستاتوسێک  لە  تۆرەکۆمەڵایەتیەکاندا بنووسی یان بابەتێک سەبارەت بە پرسێک بنوسی، بەڵام تووشی خۆ سانسۆری دەبی یان هەر بێ دەنگی هەڵدەبژێریت و هیچ نانوسیت ئەوە بزانە کە دیلی و خۆشت دیلەوانەکەی، چوونکە لەوە دەترسیت کە روبەرووی رخنە و گازندە ببیەوە و هەروەها مەترسی لەسەر کار و ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیت دروست بێت(هیچ مەرج نیە مەترسی گیانی بێت). ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ کە تۆ ئازاد نی و تاکوو ئێستا نەوتوانیوە ئازادی سروشتی خۆت بەدەست بێنیتەوە.
لە لایەکی دیکەش دروستە کە بێ دەنگ بوون یان نەنوسین ئەو مەترسیانە لە خۆت دوور دەخەیتەوە، بەڵام خۆت رووبەرووی کۆمەڵێک گیرو گرفتی دیکە دەکەیەوە کە زۆر جار ئاسەوارەکانیان لە مەترسیەکانی دیکە زیاتر و درێژ ماوەترن زۆر جار لەوانە ئاسەوارەکانیان بۆ هەموو ماوەی ژیانت لەگەڵ بن و کاریگەریە نەرێنیەکانیان بە سەر هەموو ژیانتەوە دیار بێت.
بۆ ئەوانەی کە لە ناو وڵاتێکی دواکەوتوو سیستمێکی دیکتاتۆڕ و مرۆڤ کوژ دا دەژین لە دوو لە دوو بەندیخان دان یەکیان بەندیخانەی سیتمە دیکتارۆڕەکە و ئەوەی یدکەشیان بەندیخانەی خۆیدایە کە ئەرکی بەندی بۆ خۆ رزگار کردن زۆر قورستر دەکات، بەڵام کەسانێکی پەروەردە بووی ناو وەها سیستمێک و کۆمەڵگایەکی دواکەوتووکە لە وڵاتێک و لە ناو سیستمێکی دێموکڕات و کۆمەڵگایەکی ئازاد (بۆ نمونە ئەروپا) دەژین لە بەندیخانەی یەکەم دەربازیان بووە،  بەڵام لە بەندیخانەی خۆی کە قفل و زنجیری کولتوور و دابو نەریتی دواکەوتووی کۆمەڵگا ڕەسەنەکەی پێوەن، نەتوانیوە خۆیان لێ ڕزگار بکەیت. لە بەر ئەوە تا کاتێک مرۆڤ هەر ڕایەک یان بیرو بۆچوونێکی هەبوو نەتوانی بە ئازادانە و بێ ترسی بنوسێت و قسە بکات ئەوا ئازاد نیە و دیلی خۆیەتی با لە کۆمەڵگایەکی ئازادیش دا بژیت.
ئەو ئازد نەبوونە و گیرۆدە بوونە بە داب و نەریت و کولتووری دواکەوتووی کۆمەڵگا وا دەکات کە مرۆڤ خۆی راستەقینەی خۆی نەبێت و نەتوانێ خۆی راستەقینەی بناسێت و تواناکانی وەگەر بخات و لە لایەکی دیکەشەوە نەتوانێت تواناکانی بدۆزێتەوە و هەمیشە لە گەڵ خۆی لە ناتەبایی و بەربەرەکانی دابێت.
ئەگەر کەسێکی ئاوا بیهەوێت خۆی راستەقینەی بێت دەبێ رووبەڕووی خۆی بێتەوە و لە خۆی ڕاپەڕێت و هەموو ئەو بەربەستانەی کە رێگرن لەەوەی کە ببێتە خۆی راستەقینەی تێک بشکێنیت و بە مانای وشە شۆرش لە خۆی بکات بۆ ئەوەی کە بتوانێ بگات بە خۆی ڕاستەقیەنەی، چونکە جیا لەمە لە ناو بەندیخانەی "خۆی داسەپێدراو" دا دەرزێت و هیوای خۆی راستەقینەی دەخاتە ناو گۆڕەوە. ئەگەر شۆرشێک لە خۆی هەنوکەی نەکات ئاوا ناگات بە خۆی ڕاستەقینەی و تا ئەبەد ناتوانێ کەسایەتی راستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە، کە گوزارش لە خۆی راستەقینەی بکات و ئازاد بژیت.
دەڵێم تۆ کە شۆرشت لەو سیستمە دیکتاتۆرەکە کرد و ساڵانێک وەک خەباتکار و شۆڕشڤان دەرکەوتی، مەهێڵە خۆی ڕاستەقینەت لە زیندانی خۆی هەنوکەت کە دەستکردی داب و نەریت و کولتورە دواکەوتوەکانی کۆمەڵگایە تواناکانت بکوژن و لەو زیندانەدا بترزێنێت ڕاپەڕە کە بە بڕوای من ئەو ڕاپەرینەش ئەگەر گرینگی لە ڕاپەڕین بە دژی سیستمی دیکتاتۆر زیاتر نەبێت کەمتر نیە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر